خوێندكارێكی كورد ٣٠ \"نرم افزار\"ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی

14:04 - 17 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارێكی كوردی خەڵكی شارستانی نەغەدە ٣٠ \" نرم افزار\"‌ی كامپیۆتێر و موبایلی كردووە بە زمانی كوردی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سیروان دەرمان خوێندكاریی بەشی كەشتوكاڵ لە زانكۆی ئەردەبیل، لە بواری بەرنامەی IT‌یدا كارێكی بێ‌وێنەی كردووە و بەكارهێنەرانی گووشی موبایلی \"ئاندرۆید\" دەتوانن كەڵكی لێ‌وەربگرن.

سیروان دەرمان لەو بارەیەوە راگەیاندووە،\" من لەتەمەنی منداڵییەوە ئۆگرییەكی تایبەتیم بە زمانی كوردی هەبووە و دەمهەویست كاتێک كە گەورە بووم خزمەت بە خەڵكەكەی خۆم بكەم\".

\"19194.jpg\"
سیروان دەرمان خوێندكاریی بەشی كەشتوكاڵ لە زانكۆی ئەردەبیل
ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵەیە ماوەی دوو ساڵە لەسەر بەرنامەی IT‌ كاری كردووە و توانیویەتی ٣٠ نەرم ئەفزاری كامپیۆتێر و موبایل بكا بە كوردی.

ئەو خوێندكارە كوردە ئامانج لەو كارەی گەڕاندۆتەوە بۆ خزمەت كردن بە نەتەوەی كورد و وتوویەتی: هاووڵاتییانی كورد ئێستا دەتوانن زۆر بە سانایی كەڵك لەو بەرنامانە وەربگرن.

سیروان دەرمان لەحاڵی حازردا سەرقاڵی داڕشتن و دروست كردنی \"نەرم ئەفزارێكی ئاندرویدی\" بە كوردی كرمانجییە ( پیتی لاتین)ـە.