خوێندكارێكی كوردی زانكۆی سنە بە پێنج ساڵ زیندان حوكم درا

15:37 - 16 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارێكی زانكۆ ئازادی سنە لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی ئەو شارەوە حوكمی پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و سزای نەختی بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١٥‌ی پووشپەڕ میعاد ئەحمەدی خوێندكاری رشتەی مێعماری بە تاوانی چالاكی لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحكووم كراوە.

لقی چواری دادگای ئینقلابی شاری سنە ئەو هاووڵاتییەی بە \"بێ‌ رێزی بە دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی\" و \" هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی\" لەرێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە مەحكووم كردووە.

\"20953.jpg\"
میعاد ئەحمەدی، بە تاوانی چالاكی لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحكووم كرا
هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی كردبوویەوە، میعاد ئەحمەدی خوێندكاری زانكۆی ئازادی شاری سنە مانگی خاكەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر و دوای یەك مانگ راگرتنی لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە راگوێزرا و دواتر بەدانانی وەسیقە ئازاد كرابووو.

ماوەیەك بە بەردەوامی فشار خراوەتە سەر چالاكانی خوێندكاریی كورد لە کوردستانات و لەدرێژەی ئەو فشارانەدا ئەفسانە بایزیدی، كچە خوێندكاری كوردی خەڵكی شاری بۆكان، كە نزیک بە دوو حەفتە لە دەستبەسەر كرانی تێدەپەڕێ‌، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ماوەیەك لەمەوبەریش رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەفشارەكانی سەر خوێندكاران لەئێران دەربڕیبوو و هەروەها باسی لە بێبەری كردنی خوێندكارانیش لەخوێندن كردبوو.

لەلایەكی دیكەوەدۆخی جەستەیی زیندانییەكی سیاسی كورد لەگرتووخانەی میناب زۆر خراب و نالەبارە و بەرپرسانی زیندان لە رەوانەی كردنی ئەو زیندانیە سیاسییە بۆ نەخۆشخانە خۆیان بواردووە.

\"20954.jpg\"
دۆخی جەستەیی ئەفشین سۆهراب‌زادە لەگرتووخانەی میناب زۆر خراب و نالەبارە
ئەفشین سۆهراب‌زادە خەڵكی شاری كرماشان لەكاتی دەستبەسەركرانیدا بە هۆی ئەشكەنجە و لێدانی لەڕادە بەدەرەوە، تووشی خوێنڕێژی و شكانی ئێسقان ببوو.

ئەفشین ساڵی ١٣٨٨ لەشاری كامیاران لەلایەن هێزەكانی سەر بەئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری سنەوە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لەحیزبە كوردییەكان بە ٢٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب حوكم درا.

ئەو زیندانییە تەمەن ٢٤ ساڵەیە مانگی پووشپەڕی ١٣٩١ بەهۆی بارودۆخی نالەباری زیندان و هەروەها دۆخی جەستەیی خۆی، هەوڵی خۆكوژی دابوو.