خوشک و برایەکی بۆکانی بە سپاردنی ١٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە ئازاد دەکرێن

16:23 - 18 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای ئینقلابی شاری مەهاباد بۆ ئازادیی خوشک و برایەکی بۆکانی، داوای ١٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەز، دادسەرای ئینقلابی شاری مەهاباد بۆ ئازادیی \"ئەفسانە و شاهۆ بایزیدی\" کە ٢٣ رۆژ پێش ئێستا دەستبەسەر کران، بڕیاری سپاردنی بارمتەیەکی ١٠٠ میلیۆن تەمەنی دەرکرد.

ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری مەهاباد هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی \"شاهۆ\"، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کران.

شاهۆ بایزیدی لەکاتێکدا ویستبووی رێگری لە دەستبەسەر کرانی خوشکەکەی بکات، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەفسانە و شاهۆ بایزیدی کە لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوون، روون نەبۆتەوە.