خوسوتاندنی دوو ژن لەشارەکانی مەریوان و شنۆ

13:56 - 15 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەشارەکانی مەریوان و شنۆ دوو ژن بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانییەوە ئاگرییان لەجەستەی خۆیان بەرداوە و کۆتایی بە ژیانیان هاتووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر ژنێکی خەڵکی شاری مەریوان خۆی سووتاندووە و بە هۆی زۆری رێژەی سووتانەکەی کۆتایی بە ژیانی هاتووە.

ئەو ژنە ناوی فاتمە و کچی ئەحمەد و دانیشتووی گەڕەکی \"مووسک ٢\" بووە.

دەگوترێت کە ئەو ژنە دەستگیراندار بووە و بە هۆی دەسکورتی و هەژارییەوە دەستی داوەتە خۆکوژی.

لەلایەکی دیکەوە ژنێکی دیکەی کوردی خەڵکی ئاوایی کانی سپی شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو ژنە تەمەنی ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی کانی سپی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بووە.

دەوترێت کە ئەو ژنە کوردە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و دوای چەند رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانەی شاری ورمێ گیانی لەدەست داوە.