خوسرەو کوردپوور: وڵامدەری تەواوی هەواڵە بڵاوکراوەکانی کاناڵی تێلگرامی موکریانم

19:18 - 19 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعات لە پەیوەندیی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێندێک هەواڵ، هۆشداری بە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد، کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان بانگهێشت کرابوو، لە پەیوەندیی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێندێک هەواڵ هۆشداریان بە ناوبراو دابوو.

کوردپوور لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵنێرانی موکریان ڕایگەیاندبوو، کە ڕووماڵی هەواڵی بێلایەنانەی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە لە کاناڵی موکریان و داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی، بەشێک لە بەرپرسایەتی ئیخلاقی و مەدەنی ناوبراوە و بەو بۆنەیەوە لە بەرانبەر هەر ناوەندێکی حکوومەتی ئامادەی وڵام دانەوەیە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار، خوسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات شاری مەهاباد کرا و هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەو چالاکی مافی مرۆڤە، ڕووماڵی هەواڵی مافی مرۆڤ راگەیندرابوو. ناوبراو ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری دەسبەسەر کردنی هەتا کاتی ئازاد کردنی بێمەرج مان لە خواردن دەگرێت.

ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد لەگەڵ خوسرەو کوردپوور، \"بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان\"، وێڕای هۆشداری دان بە ناوبراو لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕووماڵی هەواڵی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە شارەکانی ئێران و ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەیان بە \"نایاسایی و بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەو پەیوەندییەدا قەدەغە\" ڕاگەیاندبوو.