خنکانی گوماناویی باوک و کوڕێک لە بەنداوی قشڵاخی سنە

14:23 - 15 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: باوک و کوڕێکی دانیشتووی گوندی ئیسیەر، سەر بە شاری سنە، لە بەنداوی قشڵاخی سنە، بە شێوەیەکی گوماناوی خنکاون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خەرمانان، باوک و کورێک بە ناوەکانی \"سدیق نەجەفی\" و \"سامان نەجەفی\"، خەڵکی گوندی ئیسیەر سەر بە شاری سنە، لە نێو بەنداوی قشڵاخی شاری سنە بە شێوەیەکی گوماناوی خنکاون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سنە، لەم بارەوە ڕایگەیاند، کە ئەو دوو کەسە ماسیگیر بوون و سدیق نەجەفی (باوک) نزیک بە ٣٠ ساڵە و سامان نەجەفی (کوڕ) نزیک بە ١٠ ساڵە لە بەنداوی قشڵاخی سنە خەریکی ماسیگیرین، بۆیە دوور لە ڕاستییە، ئەگەر هۆکاری خنکانی ئەم دوو کەسە بۆ ناشارەزایی لە مەلەکردن بگەڕێنرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە، هەروەها وتی: لە لێواری بەنداوەکە تایەک لە پێڵاوی یەکێک لە قوربانیان و بڕێک پارە و کەلوپەلی کەسیی دۆزراونەتەوە.

لە درێژەدا ئەو کەسە ڕایگەیاند: کە تەرمی سامان نەجەفی (کوڕەکە) دۆزراوەتەوە و لە ئێستەدا بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە پزیشکی یاسایی شاری سنەدایە، بەڵام هێشتا تەرمی سدیق نەجەفی نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو هەروا بەردەوامە.