خنکانی ٢ کرێکاری کوردی خەڵکی ورمێ لەهەولێــر

14:22 - 2 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بە مردنی دوو کرێکاری دیکەی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر، ئاماری مردنی کرێکارانی کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، گەیشتە ١٠ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو برای کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ کە لە هەرێمی کوردستان و لە پاڵاوگەی نەوتی ناحیەی شەمامکی هەولێر سەرقاڵی کار کردن بوون، لەکاتی خاوێن کردنەوەی تانکییەکی نەوتهەڵگر تووشی گازگرتوویی بوون و گیانیان لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا ناسنامەی ئەو دوو برا کوردەی خەڵکی گوندی \"گێسیان\"ی ناوچەی مەرگەوەڕی \"ورمێ\"ی سەلاح تەمەن ٣٤ ساڵ و عەلی تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی عەبدولرەزاق راگەیاندووە کە رۆژی سێ‌شەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر گیانیان لەدەست داوە و رۆژی دواتر تەرمەکەیان رەوانەی ورمێ کراوەتەوە.

دەگوترێت کە هاوکات کرێکارێکی دیکەی عەرەب کە هەوڵی رزگار کردنی ئەو دوو کرێکارەی داوە، لە ئەنجامدا ئەویش بە هۆی گازگرتووییەوە گیانی لەدەست داوە.

بەهۆی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران و هەروەها نەبوونی هەلی کار لە وڵاتە و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا سەدان هاووڵاتییانی کورد بە مەبەستی کار کردن روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەو کرێکارانەوە لەکاتی گەڕانەوەدا بەرەوڕووی لێپرسینەوەی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبنەوە.

لە رۆژانی رابردوودا دوو چالاکی کرێکاریی کورد بەناوەکانی ئەفشین نەدیمی خەڵکی شاری کامیاران و مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٤ ساڵ کە ماوەیەک لەمەوبەر بەمەبەستی کرێکاری روویان لەهەرێمی کوردستان کردبوو و دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران، لەناوچە سنوورییەکانی بانە دەستبەسەر و پاش زیاتر لە ١٠ رۆژ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران گوازرانەوە.