خنکانی ٤ لاوی کورد لە یەک رۆژدا

15:37 - 16 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٤ لاوی کردی خەڵکی ناوچەکانی \"ورمێ، بیجار و سنە\" لە رۆژێکداو لە ٤ رووداوی جیاوازدا بەهۆی ئاشنا نەبوون بە مەلە کردن لە ئاودا خنکان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \"رەحمان (بۆزە)\" کوری رەحیم و خەڵکی گوندی \"هەلج\"ی سەربە ناوچەی \"مەرگەوەڕ\"ی ورمێ، لە بەنداوی \"بەند\"ی خنکا.

دەگوترێت، تەرمی ئەو لاوە کوردە بەهۆی کەمیی ئیمکاناتەوە ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە دۆزرایەوە.

لەلایەکی دیکەوەو هەر لەو رۆژەدا لاویکی دیکەی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی \"بەردە سوور\"ی بەخشی \"سیلوانە\"ی سەربە شاری ورمێ لە ئاودا خنکا و تەرمەکەی پاش ٣ کاتژمێــر دۆزرایەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ٢١ هاوڵاتیی کورد لە چۆم و بەنداوەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا لە ئاودا خنکاون.

هەروەها رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ لاویکی تەمەن ٢١ ساڵەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی بیجاڕ لەلکاتی مەلە کردندا و بەهۆی ئاشنا نەبوون بە مەلە کردن، لە ئاودا خنکا.

هاوکات لاوێکی دیکەی خەڵکی شاری سنە کە بە مەبەستی مەلە کردن لەگەڵ ٢ هاوڕێی رووی لە بەنداوی \"بنیــەر\" کردبوو، بەهۆی شارەزا نەبوون بە مەلە کردن لەو بەنداوەدا خنکاو دواتر تەرمەکەی لەلایەن مەئموورانی رێکخراوی مانگی سوورەوە دۆزرایەوە.