خراپی کەرەستەی پارکی منداڵ \"کودک\" لە سنە، گیانی مێرمنداڵێکی ئەستاند

14:45 - 8 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە کاتی یاریکردن لە پارکی منداڵ \"کودکـ\"ـی ئەو شارە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان، مێرمنداڵێکی قوتابی قۆناغی دواناوەندی، لە کاتی یاریکردن لە پارکی منداڵ \"کودک\" لە شاری سنە، بە هۆی خراپی کەرەستەکانی ئەو پارکە گیانی لە دەست دا.

شوناس و ناونیشانی ئەو مێرمنداڵە کوردە، بە ناوی \"سەید محەممەد فەتاحی\" تەمەن ١٥ ساڵ قوتابیی دواناوەندی لە شاری سنە ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مێرمنداڵە لە کاتی یاریکردن لە پارکی منداڵ \"کودک\" لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیدا، بە هۆی بەربوونەوە لە چەرخوفەڵەک گیانی لە دەست دا.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو مێرمنداڵە کوردە بە هۆی بەربوونەوە لە چەرخوفەڵەکی لەکارکەوتوو لە پارکی داوێنی پارکی ئاویەر گیانی لە دەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی شارەداریی شاری سنە بە هەواڵدەریی مێهری رایگەیاند: ئەو کەرەستانە هی شارەداریی نەبووە و هی \"تەعاونی ئیسارگەران\" بووە.

بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، هیچ پێڕاگەیشتن و چاوەدێرییەکیان بەسەر کەرەستەکانی گەمەکردنی منداڵاندا نییە و لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکان هیچ کەس بەرپرسایەتیی هۆکاری ئەو ڕووداوانە وەئەستۆ ناگرێت و تەنیا دەتوانن تۆپەکە بخەنە نێو گۆڕەپانی یەکترەوە، هەتا خەڵک سەریان لێ بشێوێت و واز لە مافەکانیان بێنن.