خراپی باری ژیانی پەنابەران و لێدانیان لە لایەن پولیسی سێربستانەوە

14:56 - 4 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد لە کەمپی \"ئاداشویسی\"، هەڵکەوتوو لە سنووری نێوان کرواسی و سێربستان، باری ژیانیان نالەبارە و ئیزن چوون بۆ وڵاتێکی دیکەیان لە لایەن پولیسی ئەو وڵاتەوە پێ نادرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ژمارەیەک لە پەنابەران، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سنووری سێربستان و چوونە نێو خاکی کرواسی، لە لایەن پولیسی وڵاتی کرواسییەوە، لێیان دراوە و چەند کەس لەو پەیوەندییەدا بریندار بوون.

هاووڵاتییانی پەنابەری کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە کەمپی \"ئاداشویسی\"، نزیک ٣٠٠ کەس دەبەن و باری ژیان و گوزەرانیان نالەبارە.
ئومید فەرهاد، خەڵکی شاری مەهاباد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە یەکێک لە پەنابەرانی ئەو کەمپەیە، سەبارەت بە ژمارەی کوردەکانی ئەو کەمپە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ژمارەی کوردە پەنابەرەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لەو کەمپە نزیک ٣٠٠ کەس دەبن، کە لەو ژمارەیە ٢٠٠ کەسیان سەڵتن.

ئەو پەنابەرە کوردە، سەبارەت بە دۆخی ژیان و گوزەرانیان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیا ند: دۆخی ژیانی پەنابەرەکان بەگشتی لەو کەمپە زۆر خراپە بەتایبەتی هێندێک لە بنەماڵەکان منداڵی ساوایان هەیە و هەر دۆخی ژیانی سەڵتەکان بە نیسبەت بنەماڵەکان خراپترە و تەنیا چادرێک بۆ سەڵتەکان هەیە، کە تێدا دەژین.

ئومید فەرهاد، سەبارەت بە لێدانی پولیسی سێربستان لە پەنابەران، بە کوردپای ڕاگەیاند: چەند کەسێک لە وڵاتی ئاڵمان تەلەفۆنی بۆمان کرد، کە سنووری سێربستان کراوەیە، ئیمەش پاش کۆکردنەوە کەرەستەکانمان پێش ئەوە بچینە خاکی سێربستانەوە، پولیسی ئەو وڵاتە لە سنووری سێربستان هێرشی کردە سەرمان و لێیان داین و چەند کەسێک لەو پەیوەدنیدییەدا بریندار بوون.

بە وتەی ئومید فەرهاد، تەنانەت پولیسی سێربستان ئیزنیان نەدا بچین لە دووکانەکان شتومەک بکڕین و دوو کەس بە ماتۆڕ کە بۆ شتومەک کڕین چوونە دووکان، پولیس هێرشی کردووەتە سەریان و بێجگە لە لێدانیان، موبایلەکانیان لێ سەندوون و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئومید فەرهاد هەروەها باسی لە کەمخزمەتگوزاری و نەبوونی پێداویستییەکانی بێهداشتی لەو کەمپە کرد و داوای لە هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆڤیییە نێودەوڵەتییەکان کرد، کە بە هانایانەوە بچن و یارمەتییان بدەن.