خراپتربوونی دۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیان لە زینداندا

14:31 - 16 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای خراپتربوونی دۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیان، زیندانیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لە گرتووخانەی شاری خۆی، بەرپرسانی زیندان، لەگەڵ چارەسەریی پزیشکی ناوبراو دژایەتی دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی شاری خۆی لە دەسپێڕاگەیشتن بە خەدەماتی دەرمانی و پزیشکی بێبەرییە و دۆخی تەندروستیی ناوبراو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات.

پێشتریش، زەینەب جەلالیان لە زیندانی کرماشان تووشی نەخۆشینی قنچکەسڵام \"ناخنک\" ببوو و ئەو نەخۆشییە بووە هۆی لەدەستدانی چاوی ناوبراو، کە هەتا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی نەخۆشیی ناوبراو نەدراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە گرتووخانەی شاری خۆی پێی ناوەتە ١١هەمین ساڵی زیندانبوونی و بە هۆی مانگرتن لە دەوا و دەرمان و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بۆ ماوەی زیاتر لە یەکساڵە، لە دۆخێکی نالەباردا لە زیندان بەسەر دەبات.

خەرمانانی ساڵی ٩٦، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، خۆبواردن لە چارەسەریی پزیشکیی زەینەب جەلالیانیان بۆ سزای توند و وەرگرتنی\"دانپێنانی زۆرەملێ\" گەڕاندووەتەوە.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شارستانی ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لە دایک بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوكاریی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.