خاکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران کرا

20:16 - 8 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران جارێکی دیکە تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان و کوێستانەکانی سنووری نێوان هەرێم و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی دەستپێکردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، سپای پاسداران کوێستانەکانی \"سەقەڕ و بەربەزین\" لە نێوان سنووری هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە توندی تۆپباران کرد.

لەو تۆپباران کردنەدا خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە و فەرماندەیی پێـشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاندووە: \"بە خۆشیەوە هیچ زیانێکی بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان، بەدواوە نەبووە.\"

لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئەوە چەندەمین جارە کە سپای پاسداران خاکی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانجی تۆپخانەکانی خۆی.

لەم پەیوەندییەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، سپای پاسداران کوێستانی \"کۆدۆ\" لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێرانی بە کەڵوەرگرتن لە پەهپاد بوردوومان کرد.

فەرماندهی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ڕاگەیاندراوە دا هەروەها دەڵێت: \"لەو بوردوومان کردنەدا، وێڕای زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە، بەداخەوە، پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بووە.\"