خالید محەممەدزادە ئەقدەم لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا

10:17 - 18 رێبەندان 2721

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "خالید محەممەدزادە ئەقدەم" زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە مەهاباد، پاش کۆتایی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، مانگی ڕەشەمەی ٩٩، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

ساڵی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١ ساڵ و ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ١ ساڵ و ٢ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٩٩، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.

خالید، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩، پاش ٦٥ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسدارن لە مەهاباد و "ورمێـ"ـدا، لێپرسینەوەی لێ کراوە. 

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوو.