خالید فەرەیدوونی پاش ٢٢ ساڵ لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

11:33 - 5 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، "خالید فەرەیدوونی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ٢٢ ساڵ دەسبەسەری لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە پاش ئەوەیکە کەوتە بەر لێخۆشبوونی دەزگای قەزایی، لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

مستەفا نیلی، پارێزەری دادگوستەری، لەو بارەیەوە لە لاپەڕەی تووییتری تایبەتیی خۆی نووسیویەتی: "خالید فەرەیدوونی پاش ٢٢ ساڵ زیندان و کەمکردنەوەی ماوەی سزاکەی، لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا."

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٠، خالید فەرەیدوونی، پاش ٢١ ساڵ زیندانی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ یەکەم جار ئیزنی مەرەخەسی پێ درا.

"خالید فەرەیدوونی" و "عومەر فەقێ پوور"١٠ی خەرمانانی ساڵی ٧٩، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و دواتر لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کران و ئەو حوکمەش ساڵی ٨٤، لە دادگای پێداچوونەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

 ئەو دوو زیندانییه سیاسییە ساڵی ٨٣، لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد بۆ ورمێ ڕاگوێزران و ساڵی ٨٦یش بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دوورخرابوونەوە.

ئەو دوو زیندانییە پاش ١٠ ساڵ دوورخراوەیی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، مانگی خەزڵوەری ساڵی ٩٦، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگویزرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠، عومەر فەقێ پوور، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکان پاش ٢١ ساڵ، بەپێی بەخشنامەی نوێی لێخۆشبوون و ڕاگەیاندنی ئازادیی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.