خالید تەوەکولی: کاتێک ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان سنووردار بن، توندوتیژی زیاتر دەبێت
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران توندوتیژی و کوشتن و خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییاندا رووی لە زیادبوون کردووە و ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە رۆژ لەدوای رۆژ پەرە دەستێنێت.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی رابردوودا کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ، کە بەهیوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی ماڵی خۆیانی بەجێهێشتبوو، پاش گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆیان، لەلایەن دایکیەوە خنکێندرا.
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە کەسێک بە ناوی فەرهاد عەبداڵی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی قەرەقاجی سەربە ناوچەی \"سێرۆ\"ی ورمێ، بەهۆی کێشە لەسەر پارە، بە دەستی کەسیکی نزیکی خۆی و بەزەبری چەک لە دووکانەکەیدا کوژراوە.
هەروەها شەوی سێشەممەی ئەم حەفتەیە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، لە گوندی \"هەران مەر\"ی شاری بەدەرە لە ئوستانی ئیلام، تەرمی کرێکارێکی کارگەی سەنگشکێنی ئەو گوندە، دۆزرایەوە، کە بە هۆکارێکی ناڕوون کوژرابوو.
هاوکات رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، کەسێک بەناوی \"سەباح کەماڵاتی و خەڵکی گوندی \"بەردەڕەشی\"ی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە بە مەبەستی هەڵکەندنی گژوگیای کوێستانی رووی لە شاخەکانی دەوروبەری ئەو گوندە کردبوو، بە زەبری چەکی تاپڕ کوژراوە و تەرمەکەی بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە ناوی ئەمیر قادریان بە زەبری چەقۆ، لەلایەن کەسێکی باغدارەوە گیانی لێ ئەستێندرا.
دەگوترێت، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی دەمەقاڵە لەگەڵ باغدارەکە بە ناوی \"رەحیم پەردەدار\" کوژراوە و بکوژەکەش هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.
هەروەها رۆژی ١٣ی خاکەلێوە تەرمی ژن و مێردێک لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ دۆزرایەوە، کە هەتا ئێستا هۆکاری کوژرانیان روون نەبۆتەوە.
پێشتریش لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٥ی خاکەلێوەدا، دوو لاوی کورد بەناوەکانی لوقمان و عوسمان ئیزەدی بەهۆی کێشە لە گوندی \"بەردە چەرموو\"ی سەربە شاری دیواندەرە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی ئەحمەد زینەتگەری کوژران.
لە پەیوەندی لەگەڵ هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی کۆمەڵناسێک لە شاری سەقز لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو توندوتیژییەی کەلە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەدی دەکرێ، بەشێکی بۆ فشارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگەڕێتەوە، کە ئەمە بۆتە هۆی ئەوە کە خەڵک نەتوانن یەکتر تەحەمول بکەن و رۆحی لێبورینیان هەبێت.
خالید تەوەکولی دەشڵێت؛ کاتێک فشاری ئابووری لەسەر خەڵک بێت، بێکاری لەوپەڕی خۆیدا بێت و ئازادییە سیاسییەکان سنووردار بن، ئەو توندوتیژییە روو لە زیادبوون دەکات و خەڵک لە هەمبەر یەکتردا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ یەکێکی دیکە، لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی لە شارەکان بۆ جیاوازی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دەگەڕێنێتەوە و پێیوایە؛ کۆمەڵێک باندی پێکهاتوو لە لاوەکان لە گەڕەکەکانیی قەراغ شارەکاندا دروست بووونە، کە بە نێشانەی دژایەتی لەگەڵ جیاوازی چینایەتی و قەرەبوو کردنەوەی کەموکۆڕییەکانی ژیانی خۆیان، لە هەمبەر چینەکانی دیکەی کۆمەڵدا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەو باوەڕشدایە، کە خودی لەسێدارەدان لەبەر چاوی خەڵک لەلایەن حکوومەتەوە راستەخۆ پەرە پێدانی توندوتیژییە و نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر مەسەلەی توندوتیژی بۆ چارەسەریی دیاردەی توندوتیژی، ئەو فاکتانەن کە حکوومەت لە هەمبەر پەرەگرتنی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا لێی بەرپرسیارە.
تەوەکولی ئەوەشی خستەروو، هەتا ئێستاش لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا، پاساو بۆ توندوتیژی دەهێنرێتەوە و لە بنەماڵەی پیاوسالاریشدا لایەنگری لە توندوتیژی دەکرێت، بۆیە دەبینین پاشهاتی وەکوو کوشتن و خۆکوژیی لێ دەکەوێتەوە.
گوتیشی لە کۆمەڵگەی نەریتیدا زیاتر پێداگری لەسەر مەسەلەی سزادان دەکرێت، بۆ نموونە، تاکێک نۆرم و بەهایەکی کۆمەڵایەتی دەباتە ژێر پرسیار و پێشێلی دەکات، کۆمەڵگە لەبری ئەوەی هۆکارەکانی دەسنیشان و لە ئەنجامدا چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، زیاتر بایەخ بە سزادان ئەدات، بەم پێیە کۆمەڵگەیەک کە بنیاتی لەسەر سزدان داڕێژرابێت، توندوتیژی زیاتر پەرە دەستێنێ.
خالید تەوەکولی کە بڕوانامەی دوکتورای کۆمەڵناسیی هەیە، سەبارەت بە رێکارەکانی کەمکردنەوەی رێژەی تاوان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەڵێ: باشترین رێکار ئەوەیە کە کاری فەرهەنگی بکرێ، هەرچەند چاوەڕوانیی ئەوەی لێ ناکرێ کە زوو بە ئەنجام بگات، بەڵام دەبێ کاری بۆ بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ کۆمەڵە مەدەنییەکان لەو بوارەدا چالاک بن و لەگەڵ تاک، بنەماڵە و لاوەکاندا پەیوەندی بگرن و کۆببنەوە و گۆڕانکارییەکی فەرهەنگی پێک بێنن، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەگەر باری ئابووریی خەڵک باش بکرێت و ئەو جیاوازیی چینایەتییە کەلە شارەکاندا هەیە، کەم بکرێتەوە و هاوکات دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکانی ئەدەبیش بتوانن گوتاری فەرهەنگیی شیاو لە کۆمەڵگەدا زاڵ بکەن، توندوتیژی کەم دەبێتەوە.