حەوت کەس لە خۆپیشاندەرانی رۆژی هەینی لەهەولێر، دەستبەسەر کران

14:27 - 18 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای تەواوبوونی خۆپیشاندانەکەی رۆژی هەینی لە هەولێر، حەوت کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو خۆپیشاندانە، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ مستەفا شێخە، عەلی ئیسماعیل نژاد وەکوو بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی \"زێد\" و هەروەها چیا مەلاک، پێشەوا عەلی‌پوور و رامان پیرۆتی وەکوو بەڕێوەبەرانی \"کەمپەینی نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیان\" لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستبەسەر کراون.

\"16644.jpg\"
عەلی ئیسماعیل نژاد، مستەفا شێخە له دەستبەسەر کراوانی رۆژی هه‌ینی
هەروەها دوو چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی \"کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان\" بەناوەکانی ئامانج سەڵواتی و محەممەد فەرهادزادە، دەستبەسەر کراوان.

لەو پەیوەندییەدا ژیوار رەسووڵی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی زێد بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ شەوی رابردوو ئەو حەوت کەسە بردراونەتە پۆلیسی هەولێر و هەتا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

\"16645.jpg\"
پێشەوا عەلی‌پوور یەکێک له بەڕێوەبەرانی \"کەمپەینی نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیان\" لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستبەسەر کراوه
رۆژی رابردوو خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لەلایەن ئەنجومەنی \"زێد\" و \"کەمپەینی نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیان\" لە شاری هەولێر رێکخرا کە دواتر ژومارەیەک خۆپیشاندەر بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد کونسولخانەی ئێرانیان بەردباران کرد.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی زێد گوتیشی: \"پۆلیس رایگەیاندووە کە ئەو حوەت کەسە بە پێی ماددەی ١٠ لە یاسای خۆپیشاندان دەستبەسەر کراون، ئەوەش لە کاتێک دایە کە ئەو کەسانەی کە کونسولخانەی ئێرانیان بەردباران کرەدووە بە بێ ئاگاداری بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکە ئەو کارەیان کردووە\".

\"16646.jpg\"
محەممەد فەرهادزادە،ئەندامی حیزبی \"کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان\" لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستبەسەر کراوه
رەسووڵی باسی لەوەش کرد، \"ئەو حەوت کەسە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە بردراونەتە پۆلیسی هەولێر و هەتا ئێستاش بەهۆی پشووی فەرمانگە حکوومییەکان و هەروەها نەبوونی بڕیاری دادوەر لەدەستبەسەریدا ماونەتەوە\".

لەلایەکی دیکەوە ئاسۆ مام زادە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زێد رایگەیاندووە؛ \"ئەگەر حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانی لەو حەوت کەسە نەکەن، ئەگەری ئەوە دەکرێ کە خۆیان و رێکخراوەکەیان بەرەوڕووی دادگا و حوکمی دادوەر ببنەوە\".