حەوتەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای كوردی لە سنە كۆتایی پێهات

13:53 - 18 رێبەندان 2711
كوردپا: حەوتەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای كوردی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە هەڵبژاردنی گرووپ و كەسە سەركەوتوەكان كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا.

ماڵپەڕی فەرمیی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی مۆسیقای كوردی كە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری سنە بەڕێوە چوو، زیاتر لە 130 گرووپی مۆسیقی تێیدا بەشدارییان كردووە.

سەرەنجام لە بەشی ناوچەییدا گرووپی \"ستیاك\"ی ورمێ‌ پلەی یەكەم و گرووپەكانی \"رۆجیار\"ی كرماشان و \"فەجر\"ی ئەلەشتەر لە لوڕستان پلەی دووهەم و سیێیەمیان بۆ خۆیان مسۆگەر كرد.

\"3318.jpg\"


لە بەشی نەریتیی ئەو فێستیڤاڵەدا گرووپەكانی \"خەیام\"ی كرماشان و \"ساراڵ\"ی دیواندەرە پلەی یەكەم و دووهەمیان بەدەستهێنا و گرووپی \"سنە\"ش لە پارێزگای كوردستان بوو بە سێیەم.

لە بەشی تاكەكەسیشدا عەلی حەسەن عەزیزی و سەعید ئەحمەدی هەردوو لە گرووپی ئەلەشتەر، رەزا سەحرایی لە سونقوڕ، شۆڕش مەحموودی لە گرووپی هاژەی موكریان، جەمشید مەحموودی لە گرووپی ساراڵی دیواندەرە، فاتمە مراد گۆرانی لە گرووپی \"مراد گۆرانی\"ی كوردستان و فواد مەحموودی و فەرهاد نادری هەر دوویان لە گرووپی سنە لە كوردستان خەڵات كران.

\"3316.jpg\"

لە حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی مۆسیقای كوردی لە شاری سنە، هونەرمەند و گرووپە مۆسیقییەكانی پارێزگاكانی رۆژئاوای ئێران وەك: كوردستان، كرماشان، ئیلام، ئازەربایجانی رۆژئاوا و لوڕستان تێیدا بەشدار بوون.