حەوتەمین بەرگی فەرهەنگی زارەكیی موكریان، تایبەت بە بەیت و بالۆرەی ژنان بڵاو كرایەوە

18:40 - 6 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: سەلاح پایانیانی نووسەر، فۆلكلۆرناس و توێژەری ئەدەبی زارەكیی خەڵكی مەهاباد، حەوتەمین بەرگی \"فەرهەنگی زارەكیی موكریان\"، كە تایبەتە بە ژنانی كورد، چاپ و بڵاو كردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە رۆژانی رابردوودا حەوتەمین بەرگی ئەو پڕۆژە فەرهەنگییە بەناوی \"فەرهەنگی زارەكیی موكریان، بەشی ژنان\" لەلایەن چاپ و بڵاوكردنەوەی \"رەهرەو\" لە مەهاباد چاپ و بڵاو كراوەتەوە و كتێبخانەی كوردیی پێ رازێنراوەتەوە.

\"23338.jpg\"
سەلاح پایانیانی نووسەر، فۆلكلۆرناس و توێژەری ئەدەبی زارەكیی خەڵكی مەهاباد
ئەم بەرگەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان تەرخان كراوە بۆ ژنانی كورد و سەرجەم ئەو بەیت و باو و ئەدەبە حیماسی و لیریكی و ئیرۆتیكییە زارەكییانەی دەڤەری موكریانی لەخۆ گرتووە كە یان لەلایەن ژنانەوە وتراوە، یان كەسانی دیكە بۆ ژنانیان هۆنیوەتەوە.

سەڵاح پایانیانی نووسەر و توێژەری فۆلكلۆری كورد، ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی توێژینەوەی مەیدانی و هەمەلایەنە لەسەر فۆلكلۆر و ئەدەبی زارەكیی كوردە و دەستی داوەتە كارێكی بنەڕەتی و پڕۆژەیەكی درێژخایەن و هەتا ئێستا ٧ بەرگی لەو پرۆژەیە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.

\"23335.jpg\"
بەرگەكانی یەكەم هەتا پێنجەمی \"فەرهەنگی زاركیی موكریان\" بەناوی \"ئـ، ب، پ، ت، ج و چ\" بڵاو بوونەتەوەو تەرخان كراون بۆ پەند، مەتەڵ، قسەی نەستەق و پێشینیان و بەیەت و بالۆرەو باو، كە بە میتۆدێكی زانستی شی كراونەتەوە.

بەرگی شەشەمی ئەم پڕۆژە تایبەتە بە منداڵان، سەرجەم ئەو بەیت و باو و لای لایانە و ئەدەبە زارەكییانە دەڤەری موكریانی لەخۆ گرتووە كە تایبەتن بە منداڵی كورد.