حەفتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان دەستی پێكرد

14:54 - 7 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ حەفتەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بە بەشداریی 36 گرووپی نمایشی لە ئێران و چوار وڵاتی بیانی لە بەشەكانی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی و ئێران، ناوچەیی و خۆماڵی و منداڵ و مێرمنداڵان دەستی پێكرد.

بەپێی هەواڵدەرییە ناوخۆییەكانی ئێران، لە حەفتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریواندا 134 بەرهەم لە تاران، 157 بەرهەم لە شارەكانی دیكەی ئێران بەشدارییان كردووە.

پاش قۆناغی یەكەمی داوەری 31 بەرهەمی ناوخۆیی و 5 بەرهەمی بیانی لە وڵاتانی فەرانسە و ئاڵمان و هەرێمی كوردستان (دوو گرووپ) بۆ بەشداری لەم خولەی فێستێڤاڵ هەڵبژێراون.

لە بەشی پێشبڕكێیە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان 22 بەرهەم و لە بەشی منداڵان و مێرمنداڵان 5 بەرهەم و لە بەشی ناوچەیی و خۆجێی 4 بەرهەم نمایش دەكرێن.

\"7197.jpg\"
لە حەفتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریواندا سێ‌ كارگەی پسپۆڕی بە ئامادەبوونی مامۆستا و شارەزایان لە لێهێستان، فەرانسە و ئاڵمان لە پەراوێزی فێستیڤاڵدا بەڕێوە دەچن.

هونەرمەندانی شاری مەریوان وەك داهێنەر و بنیاتنەری ئەم فێستیڤاڵە بە 4 بەرهەمەوە بەشدارن.

بەپێی خشتەی بەرنامەكانی فێستێڤاڵ كە رێكەوتی 7 ی رەزبەر دەستی پێكردووە هەتا 11ی رەزبەر دەخایەنێت وشانۆكان لە فەزای دەرەوە و چەندین شوێنی جیاجیای شار وەك پاركی میللەت، چواڕێیانی شەبڕەنگ، شارەكی كانی دینار، گوندەكانی بەردەشەڕەشە، نێ‌ و ینگیجە و چەندین قوتابخانەی شار و شەقام و شوێنی گشتیی دیكەی شار و بەتایبەت كەنار گۆلی زرێبار بەڕێوە دەچن.