حەسەن ئەمینی پشتیوانی لە مانگرتنی بازاڕیانی بانه کرد

14:15 - 14 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: \"حەسەن ئەمینی\" حاکم شەرعی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی لە مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانه کرد.

حاکمی شەرعی کوردستان و مامۆستای ئایینیی پلەبەرزی سونی مەزهەبی کوردستان، له بەیاننامەیەکدا مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانەی بە \"یاسایی\" وەسف کردووە و ڕایگەیاندووه: \"من سەرەڕای پشتیوانی لە خەڵکی بەشەرەفی بانە و داواکارییە یاسایی و مەشروعەکانیان، بە جیددی داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی دەکەم لەوپەڕی خاکەڕایی و نەرم و نیانیدا لەگەڵ خەڵک هەڵسوکەوت بکەن و وڵامی داواکارییەکانی خەڵک بدەنەوە\".

ناوبراو لەو بەیاننامەیەدا باسی لەوە کردووە: \"دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە، کە داخستنی سنوورەکان و پێشگرتن لە بازاڕیانی بانە و شارە سنوورییەکانی دیکە، پشتیوانی لە دروشمی بەکارهێنانی کاڵای نێوخۆییە. لەو پێوەندییەدا خاڵێک گرینگه، لە حاڵێکدا کە هەموو بازاڕەکانی ئێران پڕە لە کاڵای بیانی، کە بەپێی خودی قسەی بەرپرسانی حکوومەت ئەو کاڵایانەش لە سنوورە فەرمییەکانەوە هاوردە دەکرێن، بە داخستنی سنوورەکان لە چەند شاری بچووک و بێبەش کە هیچ ئیمکاناتێکی کارکردنیان تێدا نییە، هیچ گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ لە ئابووریی وڵاتدا پێک نایە\".

لەو بەیاننامەدا هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە: \"بە داخێکی زۆرەوە ماوەی ١٨ ڕۆژه لە مانگرتنی خەڵکی موسڵمان و نیشتمانپەروەری شاری بانە تێپەڕ دەبێت، نە تەنیا هیچ وڵامێکی ڕاست و پێویست بە داواکارییە یاسایی و مەشروعەکانیان نادرێتەوە، بەڵکوو هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە گوشارەکان لەسەر خەڵک زیاتر دەکەن. تەنانەت هەواڵی دەسبەسەرکردنی هەندێک خەڵک و هەڕەشەی دەسبەسەرکردن هەیە! ئەوەش لە کاتێکدایە کە مانگرتنی لەم شێوەیە بۆ ویستە ڕەواکانی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە لە بەشی \"فارسی\" ئاژانسی کوردپا دانراوە.