حەسەن ئەمینی بە \"پرۆپاگەندا دژی نیزام\" تاوانبار کرا

21:47 - 15 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: حەسەن ئەمینی، بەرپرسی شۆرای مەكتەب قورئان لە كوردستان لە دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی هەمەدان‌‌دا محاکمە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ حەسەن ئەمینی بەرپرسی شۆرای مەكتەب قورئان لە كوردستان ، لە دادگای تایبەتی ڕووحانییەت‌ی هەمەدان محاکمە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگایە.

بەرپرسی شۆرای مەكتەب قورئان لە كوردستان دوای دوو کاتژمێر محاکمە بە \"پرۆپاگەندا دژی نیزام لە ڕێگای دواندەریی و نووسینی بابەت و وتووێژ لەگەڵ میدیاکان\" تاوانبار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، حەسەن ئەمینی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە گشت قسە و بابەتەکانی خواستی خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی دابووە.

ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، مەکتەبی قورئان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە بانگهێشتی حەسەن ئەمینی بۆ دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی هەمەدان کردبوو.

ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووش، دادسەرای تایبەتی ڕووحانیەتی هەمەدان حەسەن ئەمینی، بەرپرسی شوڕای فەقهیی گشتی و لە مامۆستایانی ئایینی ناسراوی کوردستان و بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئیمام بوخاریی سنە بانگهێشتی ناوبراوی کردبوو.

مەکتەبی قورئان، مەکتەبێكی دینیی سوننە مەزهەب لە کوردستانی ئێرانە.