حیفازەت ئیتلاعات، چالاکێکی مەدەنیی دیکەی لە مەهاباد دەستبەسەر کرد

13:25 - 4 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سەربە حیفازەت ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، یەکێکی دیکە لە چالاکانی مەدەنیی کوردی خەلکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری مەهاباد، لەمەر ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد بە هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەک، چالاکێکی دیکەی کورد لە شارە بەناوی :سۆران یاهو\" دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد رایگەیاند، ئەو چالاکە کوردە کە رۆژی دووشەممە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ لێپرسینەوە رەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کراوە.

\"23301.jpg\"
(سۆران یاهوو)ش رەوانەی ناونەدە ئەمنییەکانی ورمێ کراوە
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سۆران یاهوو، لە دەستبەسەریی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا ماوەتەوەو لێپێچینەوەی لێدەکرێ.

هەروەها خەبات مەنگوڕیش، کە لەلایەن هێزەکانی سەربە حیفازەت ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کرابوو، رەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ کراوەو هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

پێشتریش خەبات مەنگوڕی و سۆران یاهوو ، لەمەڕ خۆپیشاندانی خەڵکی مەهاباد بۆ پشتیوانی لە خۆراگریی خەڵکی کۆبانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەرو لێپێچینەوەیان لێکرابوو.

هاوکات کە کامیار نازمی، یەکێک لە چالاکانی کوردی خەڵکی مەهاباد، کە سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردن بە حەسەن زیرەک دەستبەسەر کرابوو، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی مەهاباد، ئازاد کرابوو.

ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد شەوی هەینیی رابردوو لە راپرسییەکدا هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەکی لە تەنیشت دوو گۆرانیبێژی فارس زمان، سەبارەت بە رادەی خۆشەویستیی سێ هونەرمەندە لە ناو خەلکدا بڵاو کردەوە، کە ئەم کارە دژکردەوەی توندی لای چالاکانی مەدەنی و هونەرمەندانی کورد دروست کرد و وەکوو سووکایەتی کردن بە حەسەن زیرەک و پلانی ئامانجداری حکوومەتی ئیسلامییان لە قەڵەمیان دا.

دوابەدوای ئەو راپرسییە، بڕیاربوو رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە لە تەنیشت باخی میکایل لە شاری مەهاباد خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لەلایەن چالاکانی مەدەنیی شاری مەهابادەوە بۆ مەحکووم کردنی ئەو سووکایەتییەی ناوەندی دەنگ ورەنگی ئەو شارە بەڕێوە بچێت، کە دواتر بە دەستێوەردانی هێزە لیباس شەخسی و هێزە سەرەڕۆکان کۆبونوەوەکە بەڕێوە نەچوو.

چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری مەهاباد خوازیاری ئەوە بوون، کە ناوەندی دەنگ رەنگی مەهاباد سەبارەت بەو سووکایەتی کردنەی بە هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەک، داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات.