حیزبەكانی كوردستانی ئێران، ئامادەی چوون بۆ سەنگەرەكانی پاراستنی كوردستانن

15:08 - 15 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەك لە حیزبەكانی كوردستانی ئێران، بە شێوەی فەرمی پشتیوانیی خۆیان لەدەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و هەروەها ئامادەن هێزی پێشمەرگە رەوانەی بەرەكانی شەڕ بكەن.

لەبەیاننامەی بەشێك لەو حیزبانەدا هاتووە، ئێمە بەمەبەستی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ \"داعش\"، ئامادەین بەهەموو شێوەیەك هاوكاری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بكەین و لەو پێوەندییەدا داوای یەك هەڵوێستیی سەرجەم پارتە سیاسییەكانیان كردووە.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، پارتی ئازادی كوردستان و كۆمەڵگەی دێمۆكرات و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان وێڕای دەربڕینی ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریی لە هەرێمی كوردستان، راشیانگەیاندووە: هەر كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوایان لێبكات ئەوان ئامادەن بچنە بەرەكانی شەڕەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆمیتەی پەكەكە رایگەیاندووە، \"گریلا رەوانەی شنگاڵ كراوە و لەوێ‌ دەمێنێتەوە\".

موردا قەرەیلان وتوویەتی: هێزەكانی یەپەگە و پەكەكە بەشێوەی هاوبەش لەناوچەكانی زوممار و شنگاڵ شەڕی دژی داعش دەكەن، ئەم لێدوانە لەحاڵێكدایە كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەشێك لەفەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

هەروەها لەهەواڵێكی تەئید نەكراوی دیكەدا هاتووە، پارتی ئازادیی كوردستان ژمارەیەك پێشمەرگەی رەوانەی بەرەكانی شەڕی دژبە داعش كردووە.

لەلایەكی دیكەوە حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات و وتەبێژی ئەو حیزبە رایگەیاندووە: \"حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە پێی ئەو ناسنامە نەتەوەییەی كە هەڵیگرتووە، ئامادەی شەڕ بەدژی داعشە و ئێمە چاوەڕوانی داواكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانین\".

لە بەشێكی بەیاننامەی ئەو حیزبەدا هاتووە، \"حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان و قوربانییانی ئەو كارەساتە و رێزدانان بۆ فیداكارییەكانی هێزی پێشمەرگە، پشتیوانیی خۆی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی دەردەبڕێ و ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە یارمەتییەك بەپێی توانا رادەگەیەنێت\".

ئەو هەڵوێستەی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەكاتێكدایە كە هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە حكوومەتی هەرێم وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی ئەو وەزارەتە وتوویەتی: \"لە رووی سیاسییەوە لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، هەڵویستی زۆر نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەییانەیان نواندووە، بەڵام بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی پێشمەرگە ناتوانین خەڵكی بەشەكانی دیكەی كوردستان وەك پێشمەرگە وەربگرین\".

ماوەی چەند رۆژە شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی هێزی پێشمەرگە و رێكخراوی \"داعش\" لەناوچەكانی جەلەولا، زممار، رەبیعە و شنگاڵ چۆتە قۆناغێكی دیكەوە و دەوترێت نزیك بە سەد هەتا ١٥٠ هەزار كەس لەدانیشتوانی ئەو ناوچانە بەهۆی مەترسییەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگە لەسەر بڕیاری مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵویستی \"بەرگریكردنی\" بۆ \"هێرش كردن\" گۆڕیوە.

پێشمەرگە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا توانیویەتی بەشێكی بەرچاو لەناوچەكانی زوممار، رەبیعە، موسڵ و شنگاڵ لەژێر كۆنترۆڵی گرووپی \"دەوڵەتی ئیسلامیدا\" دەربهێنێتەوە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی ئەمریكا، دەوڵەتی بریتانیا بەشێوەی فەرمی هێرشەكانی \"داعش\"‌یان بۆ سەر كوردەكانی پەیڕەوی ئایینی \"ئیزەدی\" مەحكووم كردووە، و ئەو هێرشانەیان بە كارەساتی مرۆیی لەقەڵەم داوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتبووی: ئێمە پشتیوانی لەخەڵكی عێراق و بەتایبەت دانیشتوانی ناوچەكانی موسڵ و شنگاڵ دەكەین.