حیزبی دێموکرات داوای لە محەممەد نەزری کرد مانگرتنەکەی بشکێنێ

20:25 - 29 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیندراوێکدا داوای لە محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج کرد کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حدکا لە داواکارییەکەی محەممەد نەزەری پشتیوانیی کردووە.

لە ڕاگەیندراوەکەی حدکادا هاتووە، \"موحەممەد نەزەری لەبەر ئەوەی پشتیوانی لە مافی کورد کردووە، ٢٤ ساڵە بەبێ مورەخەسی لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەسبەسەرە و بەرپرسانی رێژیم تەنانەت بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش لەگەڵی ناجووڵێنەوە و ستەمی زیاتری لێ دەکەن.

حدکا داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکات: کە دەنگی مافویستی زیندانیی سیاسی، محەممەد نەزەری بن و گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی کە گوێ لە محەممەد نەزەری بگرێ و داواکانی جێبەجێ بکات و هەرچی زووتر ئازاد بکرێ.

لەو ڕاگەیندراوەدا، حدکا ڕوو لە محەممەد نەزەری دەکات، کە لەم دۆخە دژوارە جەستەییە کە تێدایە و کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.

حدکا دەڵێت: کۆماری ئیسلامیی گیانی هیچ مرۆڤێکی بە لاوە گرینگ نییە و بایەخ بۆ هیچ ویست و هیچ گیانێک دانانێ، بۆیە لەبەر پاراستنی گیانی خۆی داوای لێ دەکەین واز لە مانگرتنەکە بێنێ.

محەممەد نەزەری ماوەی ٨٤ ڕۆژە، کە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و داواکاری ئەو زیندانییە سیاسییە، قەبووڵ کردنی داوای \"گەڕانەوەی دادڕەسی\" (اعادە دادرسی) و بەکار بردنی ماددەی ١٠ ئایینی دادڕەسی بووە.

لە ئەگەری بەڕێوەچوونی یاسای سزای ئیسلامیی نوێی، زیندانی هەتاهەتایی محەممەد نەزەری بۆ ١٥ ساڵ کەم دەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، کە محەممەد نەزەری ئێستا لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە، بە جۆرێک کە هێزی قسە کردن و ڕێگا ڕۆیشتنی نەماوە و زیاتر لە ٢٥ کیلۆ کێشی خۆی لە دەست داوە و زیندوو بوونی کەتووەتە مەترسییەوە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، دادستانی حکوومەتی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو دەربڕی.