حکوومەتی ئێران درێژە بە ناردنی چەکوچۆڵی قورس بۆ کوردستان دەدات

15:55 - 1 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ناردنی چەکوچۆڵی قورس لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بۆ کوردستان بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، حکوومەتی ئێران چەکوچۆڵی قورسی بۆ شارەکانی سنە و کامیاران هەناردە کردووە.

شایەتحاڵان وێنە و فیلمی هەناردەکردنی ئەم چەکوچۆڵە قورسانەیان لە ڕێگاکانی سنە و کامیاران بۆ ئاژانسی کوردپا ناردووە.

\"\"هاووڵاتییانی کورد ئەم کارەی حکوومەتی ئێران بە کارێکی شەڕانگێزانەی حکوومەت لە کوردستان دەزانن.

لەم دواییانەدا، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی \"شنۆ، مەریوان، سەردەشت، پیرانشار و سەقز شایەتی هەناردەکردنی چەکوچۆڵی قورس بۆ سنوورە هاوبەشەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بوون.

هەروەها سپای پاسداران لە درێژەی میلیتاریزەکردنی کوردستان، کۆمەڵێک پایەگای نیزامیی نوێی لە کوردستان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان دروست کردووە و چەکوچۆڵی قورسی لە جۆری: تۆپ، تانک، نەفەربەر، کاتیووشا و مینی کاتیووشای لەم پایەگایانە جێگیر کردووە.