حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زیندانییەکی کوردی بە مردوویی لەسێدارە دا

22:27 - 29 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا زیندانییەکی کورد لە ناو زیندانی ورمێ گیانی لەدەست دابوو، لەلایەن لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی ئەو شارە بە مردوویی لەسێدراە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی کوردی کە لە زیندانی شاری ورمێ لە دەستبەسەریدا بوو، لە کاتی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیدا بەهۆی جەلتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەسێدارە درا.

نەقدعەلی رەجایی خەڵکی شاری ورمێ، ناسنامەی ئەو زیندانییە کوردە راگەێندراوە، کە رۆژی سێ‌شەممەی ئەم حەفتەیە هاورێ لەگەڵ ٩ زیندنایی کورد و تورک لەسێدارە دراوە.

لەکاتی بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیاندا، لێپرسراوانی دەزگای قەزایی، سیاسی و ئەمنیەتیی لە زیندان ئامادە دەبن و چاوەدێریی رەوتی بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانەکە دەکەن.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی نەقدعەلی رەجایی وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە: ئەو زیندانییە کوردە کاتی راگواستن بۆ شوینی لەسێدارەدانەکە، تووشی جەڵتەی دڵ بووەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

گوتیشی: \"سەرەڕای ئەوەیکە نەقدعەلی گیانی لەدەست دابوو، بەرپرسان بڕیاری بە دارەوە کردنی ئەو زیندانیەیان داو لە سێدارەیان دا\".

تەرمی ئەو زیندانییە کوردە، رۆژی چوارشەممە رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوەو بەخاک سپێردراوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاوبوونەتەوە، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمارییەوە ، کەلە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا بەڕێوەچوو، هەتا ئێستا نزیک بە ٨٠٠ کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا لەسێدارە دراون.