حکوومەتی هەرێم پەیکەرێک بۆ حەسەن زیرەک دروست دەکات

15:46 - 1 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیی بە هاوسەری هونەرمەند حەسەن زیرک دا کە بە نیشانەی رێز گرتن لە هونەر و داهێنانەکانی ئەو هونەرمەندە، پەیکەرێک لە حەسەن زیرەک دروست دەکات.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ بانەمەڕ \"عیماد ئەحمەد\" بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەندی کورد لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران چاوی بە \"رابیعە خانم\" هاوسەری حەسەن زیرەک هونەرمەندی کۆچکردووی کورد کەوت و وێڕای بەخێر هێنانی ناوبراو، ڕۆڵی حەسەن زیرەكی لە بواری خزمەتكردن بە هونەر و گۆرانیی کوردی بەرزنرخاند.

جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان بەخششی هونەریی ئەو هونەرمەندە نەمرە لە بەرچاو دەگرێت و بە هونەرمەندی داهێنەر و بە ئەزموونی كوردی وەسف كرد.

عیماد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، حەسەن زیرەک توانی هونەر و گۆرانی كوردی بە پارێزراوی و ڕەسەنایەتی پەرە پێ بدات و بۆ هەتا هەتایە جێ پەنجەی بە گۆرانی کوردییەوە دیار و بەرچاو دەبێت.

رابیعە خانم داوایكرد كە پەیکەرێک لە هونەرمەند حەسەن زیرەک دروست بكرێت کە شایەنی هونەرەكەی بێت، هەتا نەوەی ئێستا و داهاتووی کورد ڕۆڵی ئەو هونەرمەندە لە بیر نەكەن.

هاوکات \"عیماد ئەحمەد\" جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی دا کە ئەو داواکارییەی جێبەجێ دەکات.

حەسەن زیرەک بە هۆی ئاوارەییەوە کە لە ماوەی تەمەنیدا تووشی هاتبوو، چەندین جار ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کە دوایین جار لەگەڵ \"رابیعە خانم\" ژیانی هاوبەشی پێک هێنا.

حسەن زیرەک ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی \"هەرمێلە\"ی سەربە شاری بۆکان لە دایکبووە و لە بەر لێھاتووی بە \"زیرەک\" ناوبانگی دەرکردووە و لە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوەتیدا شاگرد شۆفیری، مسگەری و قاوەچییەتی و کردووە.

زیرەک لە هەرەتی لاوەتیدا کە شاگرد شۆفێری مینی بووس بووە تووشی رووداوێک بووە و بەوهۆیەوە ئاوارەی ولاتی ئێراق بووە و لە شاری بەغدا گیرساوەتەوە.

ساڵی ١٣٣٢ بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژیی زیرەک پەیدا بووە و بەم شێوەیە لە ماوەی تەمەنیدا دەیان بەرهەمی گۆرانی و هونەری تۆمار کردووە.

هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی دڵەوە لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەکەی کرد و لە ئامێزی ناڵەشکێنە بە خاک سپێردرا.