حوکمی ئێعدام بۆ زیندانییەکی سوننی مەزهەب بڕایەوە

16:00 - 24 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی بۆ هاووڵاتییەکی کوردی سوننی مەزهەب بڕیەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی بۆ زیندانییەکی سوننی مەزهەب لە زیندانی ناوەندی ئەو شارە بڕیەوە.

شوناسی ئەو زیندانییە بە\"داود مەیهەن دووست\" تەمەن ٢٢ ساڵ دانیشتووی ناوچەی \"تەرزیلوو\"ـی شاری ورمێ ڕاگەیندراوە.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە سوننی مەزهەبەی بە تۆمەتی \"موحاربە\"بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ پێنج کەسی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرا بوو.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو باریەوە بڵاوی کردەوە، دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو هاووڵاتییە سوننی مەزهەبە کوردە لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر\"چابک\" دراو و لە ڕۆژی ٩ی جۆزەردان ئەو حوکمە بە شێوەی فەرمی بە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگەیەندراوە.

هەنوکە نزیکەی ٣٠ زیندانی سوننی مەزهەبی کورد بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان\" لە بەندەکانی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ دان.