حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە

14:50 - 22 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسی کورد، لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانیی سیاسی کورد، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، لە لایەن دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕاگەیاندووە، کە ئەو حوکمە ڕۆژ سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە، لە لقی ٣٩ دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم پشتڕاست کرایەوە و ئەگەری ئێعدام کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە ئارادایە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا و پێش تەواوبوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە، بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە.

پاش دەسبەسەر کردنی ڕامین، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەوڵی دەسبەسەر کردنی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهیشیان داوە.

دادگای ئینقلابی شاری سنە لە حوکمێکدا، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کرد. ئەو حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

پێشتریش، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بە ئاماژەکردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە ئێعدام بە سێدارە لە حەوشی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\".

هەروەها ئەو پارێزەرە پلەی یەکەی دادگوستەری ڕایگەیاند: \"دادگای ئینقلابی شاری سنە، بۆ دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین پشتی بە بەڵگەکانی سپای پاسداران و وەرزارەتی ئیتلاعات بەستووە و ئەوە لە حاڵێکدایە، کە لە کاتی لێکۆڵێنەوەکان، ڕامین لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بڕینەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی لەسەر داواکاریی وەزارەتی ئیتلاعات بووە.