حوکمی ئێعدامی چوار هاووڵاتی لە زیندانی ورمێ بەڕێوەچوو

14:54 - 12 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قەزایی_ئەمنیەتی لە شاری سەڵماس، حوکمی ئێعدامی حەوت هاووڵاتیی کوردیان لە سەرەتای ئەم مانگەدا جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ١١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ئیرج حامیدی کوڕی جەهانگیر، لە زیندانی ناوەندیی شاری سەڵماس ئێعدام کرا.

هەروەها هەر لەو زیندانە، شەوی ڕابردوو هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر لەسیدارە درا.

هەواڵنێری کوردپا ڕایدەگەیەنێت کە؛ ئیرەج حامیدی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، سەرەڕای ڕێگرییەکانی بەرپرسانی زیندان، توانی بۆ دوایین‌جار چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. ناوبراو لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"قاچاخی مادەی سڕکەر\" تاوانبار کرابوو.

ئیرەج حامیدی خەڵکی گوندی\"ناناس\"ی سەر بە شاری \"ورمێ\"یە، ناوبراو خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

سەرەتای ئەم مانگە بەرپرسانی زیندانی سەڵماس دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردیان بە ناوەکانی \"بەختیار خالیدی\" و \"شۆڕش میرزاپووریان\" لەسێدارە دا.

هەرلەو پەیوەندییەدا، شەوی سێ‌شەممە، سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە زیندانی\"دەریا\"ی شاری ورمێ، ئێعدام کران.

هەواڵنێری کوردپا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ئێعدام کراوەی بە ناوەکانی \"دەروێش مونەزەمی\"،\"شوعەیب حاتەمی\" و \"فەرهاد مەنسووری\" ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، دەروێش مونەزەمی ماوەی ٧ ساڵ پێش لە زیندانی ناوەندیی ورمێ‌دا بووە و زیاتر لە ٦٠ ساڵ تەمەنی هەیە و خەڵکی گوندی\"گوڵگەنی\" لە ناوچەی سۆما و برادۆستی شاری ورمێ بووە.

شوعەیب حاتەمی خەڵکی شاری ورمێ‌یە و فەرهاد مەنسووری‌یش خەڵکی شاری سنەیە. ناوبراوان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی قاچاغی مادەی سڕکەر ئێعدام کراون.

بە ئێعدام کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ئەمە حەوتەمین ئێعدامە، لە ماوەی ئەم ١٣ ڕۆژدا لەلایەن بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی وڕمێ بەڕێوە دەچێت.