حوکمی ئێعدامی چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ بەڕێوەچوو

15:15 - 17 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی زیندانییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی لە سێدارەدانی چوار هاووڵاتیی کوردی لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٧ی پووشپەڕ، چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ئێعدام کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە ئێعدام کراوەی خەڵکی گوندەکانی سەر بە شاری ورمێی بەم چەشنە ڕاگەیاند:

_خەلیل نەبی پوور کوڕی سەمەد خەڵکی گوندی\"پۆست\"
_میرحاج عەبدی کوڕی شوکر خەڵکی گوندی\"کەڵهۆڕ\"
_سۆفی کۆلۆنک زادە کوڕی بێ ماڵ خەڵکی گوندی \"لڕنێکان\"
_خەیرەدین مەشموول خەڵکی گوندی \"بالوول ئاوا\"ی نازلو

ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی\"کڕین وفرۆشتنی ماددەی سڕکەر\" لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ئێعدام مەحکووم کران.
بە پێی یاسای سزا لە حکوومەتی ئێران؛ بەرهەم ‌هێنان، قاچاخ یان هەڵگرتنی پێنج کیلۆ تریاک یان زیاتر لە ٣٠ گرەم یان زیاتر هێرۆئین، مۆرفین یان هەر ماددەیەک کە ببێتە هۆی تێكچوونی باری دەروونی کەسێک \"مواد روانگردان\" وەک شیشە لەگەڵ \"ئێعدام \"بەرەڕوو دەبنەوە.

ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی\" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە \"زۆربوونی\" ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران کردبوو و هەروەها ئەو دادگایانە کە ئەو حوکمە دەبڕنەوەی بە دوور لە هەر جۆر\"سەربەخۆیی و بێ لایەنیەک\" وەسف کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەیە، ئێران، پاش وڵاتی چین بە دووهەمین وڵات لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی بە ئەژمار دێت.