حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵلاپوور لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە

20:15 - 17 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری شنۆ لە زیندانیی ناوەندی شاری ورمێ لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٦ ڕەزبەر، دیوانی باڵای وڵات حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵلاپوور زیندانی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆی، پشتڕاست کردەوە.

حوکمی لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، پاش پشتڕاست کردنەوەی لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات، ڕۆژی ڕابردوو، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسیەی هیدایەت عەبدوڵلاپوور، ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، \"هیدایەت عەبدوڵاپوور\" کوڕی ئەبووبەکر زیندانی سیاسی کورد بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

پیشتر یەکێک لە نیزیکانی عەبدوڵاپوور ڕایگەیاندبوو: پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لە سەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئیعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپا.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شێخلوو\" و لەکاتی دووبارە دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتی دوو دادوەر بە ناوەکانی \"سەعید ئەحمەدی و دادوەر قازیزادە\" بە ئێعدام مەحکووم کرا.