حوکمی ئێعدامی ٣ هاووڵاتیی کورد جێبەجێ کرا

20:24 - 4 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەمنییەتی و قەزایی شاری تەورێز ٤ زیندانی ئێعدام کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەربەیانی ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر، ٣ زیندانی کورد لە زیندانی تەورێز ئێعدام کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە خەڵکی شارستانی سەردەشت بوونە کە ماوەی ٣ ساڵ پێش ئێستا بە \"تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان\" دەستبەسەر کرابوون.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە عەبدولکەریم باپیری، مێهدی مەلایی و سەلاح قادریان ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، زیندانییەکی ئازەری زمانی خەڵکی شاری بوناو بە ناوی عەلی مەهتابی پوور لەگەڵ ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ئێعدام کراوە.

کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردووش هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ لە زیندانی ناوەندیی شاری تەبەس ئێعدام کرا.

لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ قاچاغی ماددە سڕکەرەکان، لە ٣٢ وڵات حوکمی ئێعدام هەیە، بەڵام بە تایبەت لە وڵاتانی وەک ئێران، عەرەبستانی سعوودی، چین، ئەندۆنۆزی، تایلەند و سەنگاپوور حوکمی ئێعدامی بێ ئەملاوئەملا جێبەجێ دەکرێت.

ساڵی ڕابردووی زایینی، ٩٩٦ کەس لە ئێراندا ئێعدام کروان کە تاوانی نزیک لە دوو لە سەر سێ، واتا ٦٣٨ کەسیان تاوانی ماددە سڕکەرەکان بووە کە ئەو ڕێژەیە زیاتر لە ٢٥ ساڵی ڕابردووی حکومەتی ئێران بووە.