حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا

19:55 - 23 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە بەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنییەتی_قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی دوێنێ چوارشەممە ٢٢ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ناسر سوڵتانی\" لە نێو زیندانی\"دەریا\"ی شاری ورمێ ئێعدام کرا.

ئەو زیندانییە ئێعدام کراوە خەڵکی شاری میاندووئاوە و ناوبراو لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە \"قیساسی نەفس\" مەحکووم کرابوو.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: \"بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی دوو زیندانیی دیکە کە ڕۆژی پێشتر بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوێزرابوونەوە، لە سەر بڕیاری بنەماڵەی کوژراوەکان بە دانی دیە هەڵوەشاوەتەوە و ئەو دوو زیندانیە بۆ بەندەکانیان گەڕاونەتەوە.

محەممەد سلێمانی بە هۆی دانپێدانانی کەسانی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

\"\"
محەممەد سلێمانی
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە نێو زیندانی شاری کەرەجەوە بەدەستمان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەوتوویە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"محەممەد سلێمانی\" لەگەڵ ١٠ کەسی دیکە بۆ بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.

محەممەد سلێمانی خەڵکی شاری کرماشانە و خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ١٩ی بەفرانبار دوو زیندانیی دیکە بە تاوانی\"دزی بە چەکەوە\" لە شاری سەرپێڵی زەهاو لەسێدارە دران.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی کوردپا، ساڵی زایینیی ڕابردوو، ٩٠ هاووڵاتیی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون.