حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی کورد لە شاری ڕەشت جێبەجێ کرا

14:25 - 18 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بە ئێعدام کردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان لە باکووری ئێران لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ڕێژەی ئێعدامییەکانی ئەمساڵی زایینی گەیشتە ١٥ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نێوەڕاستی ئەم مانگە زیندانییەکی کورد بە ناوی محەممەد زێبەردەست کوڕی ڕەحمان، لە نێو زیندانی ناوەندەیی شاری ڕەشت ئێعدام کرا.

ناوبراو پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

\"\"ماڵپەڕی مافی مرۆڤی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: محەممەد خەڵکی گوندی عەلیاوای شاری بۆکان، لەگەڵ باوکی دەرگەوانی قوتابخانەیەکی کوڕانە بە ناوی \"سەعدی\" لە شاری ڕەشت بووە.

شیمانەی ئەوە هەیە لەگەڵ ئەو لاوە کوردە، ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش لە زیندانی\"لاکان\"ی شاری ڕەشت لە سێدارە درابێتن، بەڵام هەتا ئێستا ڕاگەیەنە فەرمییەکانی حکوومەتی ئەو هەواڵانەیان بڵاو نەکردووەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٦) زایینی، لانیکەم ٩٠ هاووڵاتیی کورد لە ١٠ زیندانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کراون.