حوکمی ئێعدامی دووهاووڵاتیی و زیندانی درێژماوە بۆ کەسێکی دیکە بڕایەوە

13:51 - 15 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان حوکمی ئێعدامی بۆ دوو هاووڵاتیی بە تۆمەتی \"موحاربە\" و هەروەها زیندانی درێژماوەی بۆ هاووڵاتییەکی دیکە بڕیەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بەفرانبار، بەرپرسی دادگوستەری پارێزگای کرماشان باسی لە حوکمی ئێعدامی دوو هاووڵاتی و زیندانی درێژماوەی بۆ هاووڵاتییەکی دیکە کرد.

هەواڵدەریی فارس لە زاری محەممەد رەزا عەداڵەتخا بڵاوی کردەوە: ڕێکەوتی ٢١ گەلاوێژی ڕابردوو، چەند کەسێک بە چەک هێرشیان بردووتەوە سەر یەکێک لە زێرێنگەرییەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو.

بەرپرسی دادگوستەری پارێزگای کرماشان بە ئاماژە کردن بە تاوانی ئەو سێ هاووڵاتییە گوتی، لەکاتی ڕاوەدوونانی دزەکاندا، ئەم کەسانە تەقەیان لە یەکێک لە مەئموورانی هیزی ئینتزامی کردووە و کوشتوویانە.

هەرچەند هەواڵدەریی فارس شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییەی بڵاو نەکردووتەوە، بەڵام حوکمی ئێعدامی بۆ دوو کەس و زیندانی درێژەماوەی بۆ کەسێکی دیکە پشتڕاست کردووتەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکومی ئێعدام کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسی دادگوستەری پارێزگای کرماشان ئەوەشی خستەڕوو کە؛ حوکمی ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە شایانی پێداچوونەوە بووە و ئەو حوکمە لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە پشتڕاست کراوە.

چالاکانی کۆمەڵایەتی \"هەژاری، بێکاری و ماددەی هۆشبەر\" بە سێ هۆکاری سەرەکیی دزی کردن لە قەڵەم ئەدەن و نەبوونی هەلی کار و زیاد بوونی رێژەی هەژاری لە وڵاتی ئێران وێڕای بەردەوامی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕیژەی تاوانەکان لە چەند ساڵی ڕابردوو دەزانن.

محارب: لە حکوومەتی ئیسلامیی بە تاوانبارێک دەگوترێ، کە دژی حکوومەتی ئیسلامیی یان ڕێوشوێنە ئیسلامییەکان ڕاپەڕیوە و کوژرانی واجیبە.