حوکمی ئێعدامی حەوتەمین هاووڵاتی کورد لەم مانگەدا بەڕێوەچوو

15:14 - 26 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ هاووڵاتیی کورد و ئێرانیی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانبار، ١٢ زیندانی کە دووانیان ژن بوون، لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر لەسێدارە دراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ١٠ کەس لە ئێعدام کراوەکانی بە، محەممەد سلێمانی، عەلی عێبادی، عەلیڕەزا مورادی، مەجید بەدرلوو، ئومید گرشاسبی، عەلی یووسفی، سەید عەلی سەروەری، ئیبراهیم جەعفەری، عەلی محەممەد لوڕستانی و موحسین جلوخانی ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە نێو ئێعدام کراوەکاندا دوو ژن بەرچاو دەکەون کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو دوو ژنە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

یەکێک لەو ١٢ زیندانییە ئێعدام کراوە، هاووڵاتییەکی کوردە بە ناوی محەممەد سلێمانی کە بە هۆی دانپێدانان و لەسەر بنەمای شاهێدیی کەسانی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

\"\"محەممەد سلێمانی خەڵکی شاری کرماشانە و خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە.

پێشتر، ڕێکخراوەکانی\"چاوەدێری مافی مرۆڤ\"، و \"لێبووردنی نێونەتەوەیی\" لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە بەرپرسانی ئێران کردبوو دەست لە ئێعدام کردنی ئەو ١٢ کەسە ڕاگرن.

هەروەها بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، لە هەمان ڕۆژدا لانیکەم پێنج زیندانیی دیکە کە بە تاوانی\"قەتلی بە ئەنقەست و موحاربە\" بەهۆی دزی کردن بە چەکەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، حوکمی ئێعدامەکەیان جیبەجێ کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنج‌شەممەی ڕابردوو، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قوروە، بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر، لە زیندانی هەمەدان بەڕێوەچوو.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە \"بابەک ئەسغەری\" تەمەن ٣٧ ساڵە، کوڕی هوشەنگ ڕاگەیەنراوە.

\"\"بابەک ئەسغەری ساڵی ٩٠ دەستبەسەر و ساڵی ٩١ی هەتاوی لە دادگای شاری هەمەدان بە تۆمەتی ڕاگرتنی چوار کیلۆ شیشە و سێ کیلۆ حەشیش، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا زیندانییەکی کورد بە ناوی محەممەد زێبەردەست کوڕی ڕەحمان، لە نێو زیندانی ناوەندەیی شاری ڕەشت ئێعدام کرا.

ناوبراو پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٦) زایینی، لانیکەم ٩٠ هاووڵاتیی کورد لە ١٠ زیندانی ئێران، بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کراون.