حوکمی ئێعدامی حەبیبوڵڵا لەتیفی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا

14:44 - 23 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی ئێعدامی حەبیبوڵڵا لەتیفی زیندانیی سیاسیی کوردی، بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز، پاش نزیکەی ١١ ساڵ زیندان، دادگای ئینقلابی شاری سنە دووبارە دۆسییەی حەبیبوڵڵا لەتیفی، زیندانیی سیاسیی کوردی خستە بەر لێکۆڵینەوە و حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە کوردەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕی.

پێشتریش، جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری عێراق، لە نامەیەکدا، داوای لە مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری پێشووی حکوومەتی ئێران کردبوو، حوکمی لە سێدارەدانی حەبیبوڵڵا لەتیفی هەڵوەشێنێتەوە.

حەبیبوڵڵا لەتیفی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە شاری سنە، لەدایک بووە و مانگی خەزەڵوەری ٨٦ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سنە، دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٤ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بووە.

ئەو چالاکە سیاسییە، پووشپەڕی ١٣٨٧ لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە، بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نیشتمانی\" لە ڕێگەی چالاکیی خوێندکاریی ـ سیاسیی بە ئێعدام مەحکووم کرا.