حوکمی چالاکێکی مەدەنیی لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە

15:50 - 6 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوەی پاڕێزگای سنە، حوکمی ٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بۆ چالاکێکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری دێولان، پشتڕاست کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی زیندانی ئەفشین حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دێولان، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە جارێکی دیکە پشتڕاست کرایەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەری ٩٦ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە ٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە تۆمەتی \"بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆن حکوومەتی ئێران\"، بە ٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، ٥ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، پاش دەسبەسەر کردنی براکەی ڕامین حوسێن‌پەناهی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی کە پیشینەی هاوکاریی لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، ساڵی ٩٠ی هەتاوی، پاش بەدواداچوونی دۆسییەی مردنی گوماناوی براکەی \"ئەشرەف حوسێن‌پەناهی\" بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کرابوو.