حوکمی پێنج ساڵ زیندان بۆ خوێندکارێکی کورد دەرکرا

13:34 - 13 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە دادوەریی \"شێخلوو\"، خوێندکارێكی کورد بە ناوی \"ئیبراهیم خالیدی\" بە تاوانی \"هەواڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی\" بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەم لاوە کوردەی خەڵکی سەردەشت، کە لە زانکۆی ورمێ خوێندکارە، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە دژە حکوومەتییەکان لە ورمێ دەسبەسەر کراوە و بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوێزراوە.

ئیبراهیم خالیدی، لە ئێستەدا لە بەندی ١٣ی زیندانی ورمێدا ڕاگیراوە ، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم خوێندکارە کوردە، لە دۆسییەکی جیاوازدا تۆمەتی \"سب نبی\" دراوەتە پاڵ و ئەم دۆسییەی بۆ دادگای کەیفری ورمێ نێردراوە.