حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام لە زیندانی ئەراک جێبەجێ کرا

11:28 - 21 گەلاوێژ 2722

سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژ، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "مەهدی نوورکەرەمی" تەمەن ٣٧ ساڵ کوڕی ئەڵڵاڕەحم، خەڵکی گوندی "بێجنوەند"ی بەخشی "شیروانـ"ـی شاری چرداوڵ سەر بە پارێزگای ئیلام، لە زیندانی ئەراک جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە مادە هۆشبەرەکان دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی بە لە سێدارەدانی مەحکووم کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ، ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، بۆ ژووری تاکەکەسیی گوێزرابووە و حوکمی لە سێدارەدانی ناوبراو بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی و دوایین چاوپێکەوتن، جێبەجێ کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردن و سەرەخۆشیی ئەو زیندانییە لە شوێنی لەدایکبوونی بەڕێوەچوو بوو.

هەتا ئێستا هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە لەلایەن سەرەچاوە فەرمی و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.