حوکمی لەسێدارە درانی ٤ زیندانی سیاسیی کورد پشتڕاست کرایەوە + ناسنامە

13:48 - 8 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لە سێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد لەزیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی رۆژانی رابردوودا حوکمی لەسێدارە درانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی \"سیروان نژاوی، ئیبراهیم عیساپوور، مەنسوور آروند و سامان نەسیم\" لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ئیبراهیم عیساپوور و سیروان نژاوی خەڵکی گوندی \"نەڵاس\"ی سەردەشت، لە رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٠ی هەتاویدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ راگوێزران.

ئەو دوو گیراوە سیاسییە، پاش دوو مانگ راگیران لە ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی مەهاباد گوازرانەوە و رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ٩١ی هەتاوی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا، حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕایەوە.

سیروان نژاوی و ئیبراهیم عیساپوور، رێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ٩١ بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ راگوێزران.

لەلایەکی دیکەوە مەنسوور آروند خەڵکی شاری مەهاباد، لەمانگی خەرمانانی ٩١دا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە و لە رۆژانی رابردوودا ئەو حوکمە لەدیوانی باڵای وڵاتی ئێران تەئید کراوە و هەنووکە مەترسیی لەسێدارە درانی لە ئارا دایە.

دادگای شاری مەهاباد تاوانی ئەو گیراوە سیاسییەی موحاربە لەرێگەی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە و هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ راگیراوە.

هاوکات سامان نەسیم خەڵکی شاری مەریوان کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٠ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا، دادگای ئینقلابی مەهاباد لەمانگی خەرمانانی ئەو ساڵەدا حوکمی سێدارەی بۆ بڕییەوە و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ راگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە هاورێ لەگەڵ دو زیندانیی دیکەی کورد بەناوەکانی \"لزگین خانی و کامیل بووتی\" بۆ ژووری تاکە کەسیی زیندانی ورمێ راگوێزران و مەترسیی لەسێدارەدانیان لەئارا دایە.

دەگوترێت کە بنەماڵەی ئەو ٦ گیراوە کوردە بۆ دوایین جار لەگەڵ رۆڵەکانیان چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە و هەنووکە ئەگەری بەڕێوە چوونی حوکمەکانیان زیاتر بووە.

بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە \"حەسەن رۆحانی\" سەبارەت بە ئازاد کرانی زیندانی سیاسیی کورد؛ لەماوەی رۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد لەوڵاتی ئێران دەستی پێکردووە و لە رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیەدا ٢٠ گیراوی سیاسیی کورد و بەلووچ لە زیندانەکانی زاهیدان، ورمێ و سەڵماس لەسێدارە دران.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئیمام جومعەی شاری مەریوان، لە رۆژانی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ لەسێدارە درانی دوو گیراوی سیاسیی کورد \"زانیار و لوقمان مورادی\" چڕتر کردووە و لەو پەیوەندییەدا رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

هەنووکە لەوڵاتی ئێـران ٢٤ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە و حوکمی زۆربەی ئەو کەسانە لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە.