حوکمی لێدانی ٧٠ زەربە قامچی لە "چیا ئاقابەیگ‌پوور" لە زیندانی بۆکان جێبەجێ کرا

10:33 - 4 رەشەمه 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی لێدانی ٧٠ زەربە قامچی لە زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "چیا ئاقابەیگ‌پوور" خەڵکی گوندی "ڕەحیم خانـ"ـی شاری بۆکان، لە زیندانی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان هاتبووە مەرەخەسی و ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمە گەڕابووەوە بۆ زیندان.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک و دوو مانگ زیندانی، لێدانی ٧٠ قامچی و بڕی ٣٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی، مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان، چیا ئاقابەیگ‌پوور بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان بە تۆمەتی "لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پاش دەسبەسەری بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کردبوو.