حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ سمکۆ خلقەتی پشتڕاست کرایەوە

20:05 - 8 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، حوکمی زیندانیی درێـژماوەی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێرانەوە حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ پشتڕاست کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەزیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لقی ٢٤ی دیوانی باڵای وڵاتی ئێران حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ سمکۆ خلقەتی پشتڕاست کردەوە.

سمکۆ خلقەتی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵ ٨٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە دامەزراوەی ناوکیی شاری ئەراک دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە سیاسییە، بڕوانامەی کارناسیی ئەندازیاری مێتالۆژیی لە زانکۆی \"سەنعەتی شەریف\"ی تاران وەرگرتووەوەو لە دامەزراوەی ناوکیی شاری ئەراک وەک ئەندازیاری مێتالۆژی سەرقاڵی کار کردن بووە.

ئەو زیندانییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەراکەوە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

حوکمی ئەو زیندانییە کوردە پێشتر لەدادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابوویەوە لە رۆژانی رابردوودا حوکمی ١٥ ساڵ زیندانییەکەی لەدیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە.

سمکۆ خلقەتی خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ، هەنووکە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.