حوکمی ٣٦ ساڵ زیندانی بۆ دوو هاووڵاتی کورد لە لایەن دادگای گشتیی ورمێ

16:13 - 8 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی ١١٢ی دادگای گشتیی شاری ورمێ، حوکمی ٣٦ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارە بڕیەوە.

بەپێی هەوای گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ورمێ، بە ناوەکانی \"سەفەر عەبدوڵلاهی و ئەحمەد جەهانگیری\" پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستدرێژی دەرگاوانی قوتابخانەی \"راه شهدا\"ی ئەو شارە بۆ سەر کچێکی مێرمنداڵ، لە لایەن لقی ١١٢ی دادگای گشتیی شاری ورمێیەوە، سەرجەم بە ٣٦ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

لقی ١١٢ی دادگای گشتیی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"تێکدانی کەرەستەی دەوڵەتی، بەشداری لە ئاژاوەنانەوە، کۆبوونەوە و تەبانی، ملکەچ نەکردن لە بەرانبەر بڕیاری مەئمووران و بێڕێزی بە پیرۆزییەکان\" داوەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و حوکم دراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ڕابردوو، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە سەر بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژی جینسی بۆ سەر کچێکی قوتابی لە لایەن دەرگاوانی قوتابخانەی \"راه شهدا\" لە گەڕەکی ئیسلام ئاوای شاری ورمێ، هەر کامیان به ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری لە لایەن دادگایی گشتییەوە مەحکووم کران.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، پاش دەستدرێژی جینسی دەرگاوانی ئەو قوتابخانەیە بۆ سەر یەکێک لە کچە قوتابییەکانی کورد لە قوتابخانەی \"راە شهدا\"ی شارۆچکەی ئیسلامئاوای شاری ورمێ، هاوووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئەو شارۆچکەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو هەوڵەی دەرگاوانە، لە بەرانبەر قوتابخانەی کچانە، کۆبوونەوە و هاووڵاتییان ئەو قوتابخانەییان ئاگردا.

ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان هاووڵاتییانی ناڕازی ئەو ڕووداوەیان، بە \"ئاژاوەگێر\" وەسف کرد، کە لەژێر کاریگەریی هەواڵی درۆیینەی هێندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای خەسارگەیاندن بە کەرەستەی گشتیی، ئاگریان لە قوتابخانەکەش بەرداوە و بەشێکی ئەو قوتابخانەیە لە ناوچووە\".