حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بۆ ٥ بەندکراوی گرتووخانەی ورمێ بڕایەوە

14:28 - 27 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ٥ زیندانی سوننی مەزهەب لە گرتووخانەی شاری ورمێ بە ١٥ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە مەحکووم کران.

٥ زیندانی سوننی مەزهەب لە گرتووخانەی ورمێ بە ناوەکانی \"ئیبراهیم مواردی\" بە سێ ساڵ زیندان، \"محەممەد نیکزاد\" بە ٩ مانگ، \"ئەحمەد قەنبەر دوست\"بە ٣ ساڵ، \"محەممەد قەنبەر دوست\" بە ٤ ساڵ، \"قادر سەلیمی\" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ١٥ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بە سەر ٥ زیندانی سوننی مەزهەب لەو گرتووخانەیەدا سەپاند؛ ئەم کەسانە تۆمەتی هێرش بۆ سەر \"بینای مەجلیس و گۆڕی خومەینی و هاوکاری کردن لەگەڵ گرووپە تەکفیرییەکان\" دراوەتە پاڵ.

ئەو پێنج زیندانییە سوننی مەزهەبە، حەوتوویەک پاش هێرش بۆ سەر گۆڕی خومەینی و بینای مەجلیس دەسبەسەر کران.

ساڵی ڕابردوو، لە دوو هێرشی چەکدارانەدا، بۆ سەر گۆڕی خومەینی و مەجلیسدا، ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون؛ هەر لەو کاتەشدا گرووپی داعش ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٦ی پووشپەڕ، ٨ هاووڵاتیی کورد، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراق ناسراو بە (داعش) و هێرش بۆ سەر گۆڕی خومەینی لە سێدارە دران.