حوکمی ١٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ٥ چالاکی کرێکاری لە بۆکان پەسند کرا

15:03 - 25 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، حوکمی زیندانیی تەعزیری بۆ ٥ چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری بۆکان پشتڕاست کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٥ چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، کە رێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە دادگایی و بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون، دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەیانی پەسند کرد.

دادگای پێداچوونەوەی ئوستان حوکمی ٣ ساڵ و نیو زیندانیی تەعزیری بۆ هەرکام لە جەماڵ میناشیری و هادی تەنوومەند پشتڕاست کردۆتەوەو هەروەها حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیریشی بۆ هەرکام لە قاسم ئیبراهیم‌پوور، ئیبراهیم مستەفاپوور و محەممەد کەریمی تەئید کردووە.

ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بڵاوی کردۆتەوە ئەو ٥ چالاکە کرێکارییە کوردە رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتیی کۆمیتەی هاوئاهەنگی‌لەشاری کەرەج دەستبەسەر و پاش ٤٣ رۆژ دەستبەسەری، بە سپاردنی بارمتەی ٣٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوون.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئیستا، چالاکێکی کرێکاریی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی \"حەسەن رەسووڵ‌نژاد\"، کە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٨ هاورێ لەگەڵ هادی تەنوومەند دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕابوویەوە.