حوکمی زیندان و لێدرانی قامچی بۆ چالاکێکی مەزهەبیی کورد

15:40 - 21 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەزهەبیی کورد و ئەندامی مەکتەب قورئانی کوردستان، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندانیی تەعزیری و لێدرانی قامچی مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"هاشم حوسێن پەناهی\" یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی ئایینیی \"ئیمامی بوخارا\" لە شاری سنە، لەلایەن لقی ٣ی دادگای تایبەتی رۆحانییەتی تارانەوە بە تۆمەتی بێ‌ڕێزی کردن بە مەزهەبی شیعە، حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە بریکاری دادگای تایبەتی رۆحانییەت،٣٠ زەربە قامچی بۆ برایەوە.

\"15245.jpg\"
هاشم حوسێن پەناهی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی ئایینیی \"ئیمامی بوخارا\" لە شاری سنە
دەگوترێت کە ئەو ئەندامەی شۆرای مەکتەب قورئانی کوردستان، رێکەوتی ١٨ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستانەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

ئەو چالاکە ئایینیە لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا فشاری دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران بۆسەر چالاکانی ئایینیی کورد رووی لە زیاد بوون کردووە و لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا \"مامۆستا سەلام گوڵنەواز\" پیش نوێژی مزگەوتی شیوە برایمی شاری سەردەشت لەلایەن دادگای تایبەتی رۆحانییەتی شاری تەورێزەوە بە ٦ سال زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.