حوکمی زیندانی چالاکێکی فەرهەنگیی کورد بۆ سێ مانگ کەم کرایەوە

14:00 - 16 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی زیندانی چالاکێکی فەرهەنگیی کورد، خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خۆراسان لە یەکساڵ زیندانی تەعزیری بۆ سێ مانگ کەم کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی یەکساڵ زیندانی تەعزیری چالاکێکی فەرهەنگی کورد بە ناوی \"نوورمحەممەد ئەفشار نادری\" ناسراو بە ئەردەڵان ئەفشار، تەمەن ٥٥ ساڵ خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خۆراسان لە دادگای پێداچوونەوە بۆ سێ مانگ کەم کرایەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، بە تۆمەتی \"چەواشەکردنی بیروڕای گشتی، بانگهێشت کردنی خەڵک بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش دژی حکوومەتی ئێران، پەیوەندیی لەگەڵ کوردەکانی شاری ورمێ، پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆن و هەوڵدان بۆ ڕاپەڕاندنی خەڵک و ئاشناکردنی کوردەکان لە ڕێگەی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی\" بە یەکساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

پاش ئەوەی کە ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بیرجەند دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە، دادگای ئینقلابی ئەو شارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ جۆزەردان، بڕیاری زیندانکردنی ناوبراوی دەرکردووە.

نوورمحەممەد نادری بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی (Kom Muzîk) بوو، کە زیاتر لە ٤٠ هەزار ئەندامی هەبووە، کە گۆرانی، کلیپی گۆرانیی هونەرمەندانی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستانی بڵاو دەکردەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، کە نەخۆشیی \"جەرگـ\"ـی هەیە، چەندین جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.