حوکمی زیندانی هەتاهەتایی والی دروودی هەڵوەشایەوە

13:56 - 10 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران بڕیاری داشکاندنی حوکمی چالاکێکی سیاسیی کوردی لە گرتووخانەی یەزد پەسند کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی زیندانی هەتاهەتایی والی دروودی بۆ ٢٥ ساڵ زیندان کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری یەزد ڕاگیراوە، زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە ئێران دەستبەسەرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەو چالاکە سیاسییە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پاش چەندین نامە و داواکاریی والی و بنەماڵەکەی بۆ پێداچوونەوە بە حوکمی هەتاهەتایی ناوبراو، سەرەنجام کۆمیسیۆنی لێبووردنی دەزگای دادوەری ڕەزامەندیی لەسەر داشکاندنی حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ دەربڕی.

لێبووردن و لێبوردەیی بۆ زیندانیانی سیاسی لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا تەنیا لە ئەستۆی عەلی خامنەییە کە بە پێشنیاری دەزگای دادوەری ڕەزامەندیی لەسەر دەدات.

والی دروودی بەفرانباری ساڵی ٩٣ دوای ١٨ ساڵ زیندانی بوون، مەرەخەسیی ٨ ڕۆژەی پێدرا و گەڕایەوە بۆ کامیاران.

ئەو زیندانییە کوردە خەڵکی گوندی \"چرۆسانە\"ی سەر بە شاری کامیاران، یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بووە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.